مانگی رابردوو هەرێم زیاتر لە 16 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راپۆرتی مانگانەی هەناردەكردنی نەوتی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكردوە لە مانگی تەمموزدا رۆژانە 516 هەزار و 745 بەرمیل نەوت هەناردەكراوە.

لە راپۆرتەكەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا هاتووە ” لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان 16 ملیۆن و 19 هەزار و 90 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، كە دەكاتە رۆژانە 516 هەزار و 745 بەرمیل نەوت”.

بەپێی راپۆرتەكە، 12 ملیۆن و 20 هەزار و483 بەرمیل لەو كێڵگانەوە بووە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن، سێ ملیۆن و 998 هەزار و407 بەرمیلیش لەو كێڵگانەوە بووە كەلەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە بەڕێوە دەبرێن.

راپۆرتەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئەوەشی خستۆتە روو كە” نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا رۆیشتووە”