تەندروستی سلێمانی لەهەوڵی ئەوەدایە بۆیەكەمجار لەسەر ئاستی عێراق نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسك ئەنجام بدەن و بۆئەوەی لەمەودوا نەخۆش ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم نەكرێت.
میران محمد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی: لە گفتووگۆداین لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی ئیتاڵیا تاوەكو هاوكارمانبن بۆ ئەنجامدانی یەكەمین ئەزموونی چاندنی مۆخی ئیسك لە شاریسلێمانی، چونكە بەهۆیەوە دەتوانین ژیانی زۆرێك لە منداڵانی سالاسیمیا و حاڵەتەكانی شێرپەنجە رزگاربكەین كە پێشتر ناچاربووین بە تێچووی نزیكەی ٦٥ هەزار دۆلار بۆ هەر نەخۆشێك بیانبەینە دەرەوەی وڵات .
وتیشی ” لەماوەی رابردوودا ٣٠ نەخۆش بۆ ئەو مەبەستە نێردراونەتە وڵاتانی ئەردەن و هندستان و لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠٠ منداڵ پێویستیان بە چاندن هەیە چونكە چاندنی مۆخی ئیسك بە تاكە چارەسەری بنەرەتی دادەنریت بۆ توشبوانی سالاسیمیا و هەندیك جۆری شێرپەنجە”
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی جەختدەكاتەوە كەوا بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەم ساڵدا سەنتەرەكە بەتەواوی بكەوێتەگەڕ و یەكەمین چاندنی مۆخی ئیسك لەسەر ئاستی هەموو عیراق لە سلێمانی ئەنجامبدات.
پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بینای سەنتەری چاندنی مۆخ لەشاری سلیمانی تەواوكرا لە ئیستادا بەرێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە هەوڵی بەگەڕخستنیدایە بۆ ئەو مەبەستەش بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەرێوبەری گشتی تەندروستی لیژنەیەكی زانستی دروستكراوە كە پێكدین لە كۆمەلیك لە پسپۆرانی نەخۆشخانەی هیوا و چەند پسپۆڕیكی وڵاتی ئیتالیا . بریارە سەنتەرەكە لە چەند مانگی داهاتوودا دەست بەكارەكانی بكات .