بەهۆی پێگەشیتنی بەروبومی ناوخۆیی، هاوردەكردنی شوتی لە دەرەوەی هەرێم قەدەغە دەكرێت و قائیمقامی سلێمانیش رایدەگەیەنێت هەر كەسێك سەرپێچی بڕیارەكە بكات رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزەوە لە پارێزگای سلێمانی بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی شوتی چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش رێوشێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگری كردن لە هێنانی شوتی لە رێگەی خاڵە سنورییەكانەوە.
بەختیار عەبدولڕەحمان قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی رایگەیاند “بەمەبەستی بایەخدانی زیاتر بە بەروبومی ناوخۆیی و ساخكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران كە لەم وەرزەدا پێ گەیشتووە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە بڕیاردراوە لە پارێزگای سلێمانی هاوردەكردنی شوتی قەدەغە بكرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات “لە خاڵە سنورییەكان و عەلوەی سلێمانی رێوشێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ رێگری كردن لە هێنانی شوتی و هەر كەسێك پابەند نەبێت و بەشێوەی نایاسایی شوتی هاوردە بكات رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.
قائیمقامی سلێمانی داواش لە دووكاندار و فرۆشیاران دەكات جگە لە شوتی خۆماڵی مامەڵە بە هیچ جۆرە شوتییەكەوە نەكەن كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت هەروەها دامەزراوە حكومییەكانیش رادەسپێرێت هەموو هەنگاوێكی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكە .