مالیكی‌ بودجه‌ی‌ سێ‌ فه‌وج و كۆلێژه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ قه‌ڵاچوالان و زاخۆ ده‌بڕێت

نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق، بودجه‌ی‌ سێ‌ فه‌وجی‌ كورد له‌ فیرقه‌ی‌ (12)ی‌ سوپای‌ عێراق و كۆلێژه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ قه‌ڵاچوالان و زاخۆ ده‌بڕێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ هاوڵاتی‌ راگه‌یاندوه‌: فیرقه‌ی‌ 12ی‌ سوپای‌ عێراق به‌رپرسانی‌ ئه‌و سێ‌ فه‌وجه‌یان ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان، وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ بودجه‌كه‌یانی‌ بڕیوه‌، ئه‌وه‌ش كاتێك كه‌ رۆیشتون بۆ وه‌رگرتنی‌.
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ رۆژنامه‌كه‌، ئه‌و سێ‌ فه‌وجه‌ی‌ بودجه‌كه‌یان بڕدراوه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ و پارتین و  زۆربه‌یان له‌ پاسه‌وانی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ ئه‌و دو حیزبه‌ پێكهاتون و له‌ چوارچێوه‌ی‌ فیرقه‌ی‌ (12)ی‌ سوپای‌ عێراق رێكخراونه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ مالیكی‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ پێكهێنا كورد به‌ توندی‌ دژی‌ وه‌ستانه‌وه‌.
هاوكات له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كردوه‌ كه‌ جگه‌ له‌و سێ‌ فه‌وجه‌ مالیكی‌ بودجه‌ی‌ هه‌ردو كۆلێژی‌ سه‌ربازی‌ قه‌ڵاچوالان و زاخۆشی‌ بڕیوه‌، كه‌ دو كۆلێژی‌ سه‌ربازین و چه‌ند ساڵێكه‌ خراونه‌ته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق.
بڕینی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌و سێ‌ فه‌وجه‌ و دو كۆلێژه‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و بارگرژیه‌ی‌ به‌هۆی‌ دروستكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ دیجله‌وه‌ له‌نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم دروستبو، كه‌ دوێنێش نوێنه‌رانی‌ سه‌ربازی‌ هه‌ردولا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ هێزه‌ جوڵه‌ پێكراوه‌كانی‌ هه‌ردولا بۆ شوێنه‌كانی‌ پێشویان.