وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڵاویكردەوە: كوەیت ڕازیبووە كە ئەو قەرەبووەی لەداهاتی نەوتی عێراقی پێی دەدرێت، تا ساڵی 2017 دوای بخات و وەرینەگرێت.
ئەحمەد جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: حكومەتی كوەیت وەڵامی داواكاریەكەی (ئیبراهیم جەعفەری) وەزیری دەرەوەی عێراقی داوەتەوەو ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر دواخستنی ئەو قەرەبووەی لەداهاتی نەوتی عێراق وەریدەگرێت.
وتیشی: كوەیت بڕیاریداوە وەرگرتنی قەرەبووەكە بۆ ساڵێكی تر و لە 2016 ەوە دوابخات بۆ 2017، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە، هەروەها ئەو تێچوونەی كە لەسەر عێراق هەیە لەشەڕی دژی تیرۆردا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕوونیشیكردەوە: بەغدا هەڵوێستی كوەیت بەرز دەنرخێنێت و ئەوەش پەیوەندی قوڵی نێوان هەردوو وڵات پیشان دەدات.
جێی باسە، بەهۆی داگیركردن و وێرانكردنی كوەیتەوە لەلایەن سوپای پێشووی عێراق لەسەردەمی (سەدام حسێن) بڕیارە حكومەتی عێراقی لەداهاتی نەوت قەرەبووی ئەو وڵاتە بكاتەوەو تائێستاش بەشێكی ئەو قەرەبووەی داوەو بەشێكی تری ماوەتەوە.