كاتێك كە بازرگانی لەنێوان رۆژهەڵاتی دوورو رۆژئلوادا پەرەی سەند، ململانێیەكی گەورە كەوتە نێوان شەرابو چا، چا هەموو جیهانی ئیسلامو وڵاتانی رۆژهەڵاتی فەتح كرد، بەڵام لەبەردەم دەروازەكانی ئەوروپادا تێكشكاو شەراب بووە خواردنەوەی میللیو سەرەكییان.
چا یان چایی وشەیەكی فارسیو خواردنەوەیەكی چینییە، چا ناوی ئەو درەختو دەوەنو گەڵاو خواردنەوانەیە كە لەگەڵا دروستدەكرێن، كە ڕووەكێكی هەردەم سەوزی گوڵا سپی زەردباوی بۆنخۆشن.
چا بەخواردنەوەیەك هەژمار دەكرێت كە زۆرترین بەكارهێنەری هەیە لەدوای ئاوەوە، بۆ یەكەمجار لەوڵاتی چین بەرهەمهاتو 5000 ساڵە لەوێوە بڵاو بۆتەوە بەئاسیادا. وا دەگێڕنەوە كە پاشا شینۆگ خولیای كۆكردنەوەو چارەسەركردنی بەڕووەك بووە، رۆژێكیان كە ئاوی گەرمی لەسەر ئاگر بووە، بەڕێكەوت با گەڵایەكی وشكی چا دەباتە ناو ئاو گەرمەكەو پاشا كە هەست بەگۆڕانی ڕەنگی ئاوەكە دەكاتو لێیدەخواتەوە زۆر بە دڵی دەبێت، ئیتر بەردەوام دەبێ لەسەر خواردنەوەیو بەم شێوەیە بەكارهێنانی لەچینو دەرەوەیدا بڵاودەبێتەوە.
لەسەدەی حەڤدەدا، یەكەم باری چا لەلایەن پرتوگالیەكانەوە گەیشتە ئەوروپا لە ساڵی ١٦١٠دا، و لەوێوە بەكارهێنانی چا لای ئەوروپیەكان دەستیپێكردو لەسەدەكانی دواتریشدا كۆمپانیای هندی رۆژهەڵات كەوتە هاوردەكردنی بۆ ئەوروپا، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە چا ببوو بەخواردنەوەیەكی میللی لەجیهانی ئیسلامو رۆژهەلاتی دووردا، بەئەندازەیەك كە سەماوەر لەماڵا لەهەژارترین خێزانی چینو ژاپۆندا زۆربەی كات گیزەی دەهاتو میوانێك بەبێ خواردنەوەی چا لەماڵا نەدەچووە دەر.
هەرچەندە بازرگانەكانی كۆمپانیای هندی رۆژهەڵات دەیانویست چا بكەن بەخواردنەوەیەكی سەرەكی ئەوروپییەكان، بەڵام گواستنەوەی بۆ ئەوروپا زۆری خایاندو بەدژواری ئەنجامدراو نەیانتوانی بەقەبارەی گەورە پەرە بەم بازرگانییە بدەنو چا نەبووە خواردنەوەیەك كە ئەوان خووی پێوە بگرن.
، كێشەیەی ئەوان ئەوە بوو كە گواستنەوەی چا بۆ شوێنەكانی تر، پێویستی بەقۆریو پیاڵەو ژێرپیاڵەی چینی بوو، بۆ ئەوەی تامی چا بكرێتو چێژی لێببینرێت.
لەبەرامبەردا، وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا، خاوەنی خواردنەوەیەكی میللی خۆیان بوون، كە لەبەرامبەر چادا بەرگرییەكی سەرسەختانەی دەكرد، كە ئەویش شەراب بوو.
شەراب خواردنەوەیەكی كحولییە، لەترشاندنی چەند جۆرێك میوە دروستدەكرێت، بەتایبەتی ترێو هەنجیرو سێوو.. بۆ یەكەمجار نزیكەی 8000 ساڵا لەمەوبەر لەگورجستانو ئەرمەنستانو ئێران بەرهەمهاتو دواتر لەڕێگەی یۆنانو بولغاریاوە گواسترایەوە بۆ هەموو كیشوەری ئەوروپا، چا بەلای فەرەنسیو ئیتاڵیو ئیسپانیو ئەڵمانیو سكەندەناڤییەكانەوە هێندەی شەراب جێی بایەخو سەرنجڕاكێش نەبوو، كە پێویستی بەكۆمەڵێك تفاقی تایبەت بەخۆی بوو، ئەمە جگە لەوەی كە شەراب لەئایینی مەسیحیدا پیرۆزییو تایبەتمەندی خۆی هەبوو، لەزۆرێك لەرێورەسمەكانی كەنیسەدا بەكاردەهێنراو زۆربەی كۆمەڵگە ئەورپییەكانیش هەر یەكەو خاوەنی شەرابی تایبەت بەخۆیان بوون، بەتامترین جۆری شەرابی سوورو سپییان بەرهەمدەهێنا، لەبەرئەوە هەرچەندە چا زۆربەی دنیای فەتح كرد، بەڵام وڵاتانی لاتینی ئەوروپای پێ كۆنتڕۆڵا نەكرا، لەوێ شەراب زۆرتر بڵاوبۆوەو بوو بەخواردنەوەی پەسەندكراوو باوی ئەوان.
هەموو ئەوروپا شەرابیان دەنۆشیو بەرهەمهێنەری سەرەكی شەراب بوون، تەنانەت شەراب روەو كیشوەری ئەمەریكای ئەنگلۆسەكسۆنیو لاتینیش رۆیو لەمەكسیكو پیرۆو شیلیو ئەرژەنتینیش تەشەنەی سەندو لەهەموو جەژنو بۆنەكاندا شەراب بەئەندازەیەكی زۆرتر دەخورایەوە، بەڵام لەباشورو رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە شەراب روبەڕووی بەرگری شێلگیرانەی جیهانی ئیسلامی بۆوە، هەرچەندە شەراب بەقاچاغو نیمچە ئاشكراش خۆی كرد بەجیهانی ئیسلامداو لەزۆرێك لەمەیخانەكان لەئەستەنبوڵا شەراب دەفرۆشرا، لەئێران شەرابی ئەسفەهانو شیراز بەناوبانگ بوون، كە لەشوشەی گەورەی بەحەسیر پێچراودا دادەنران، بەڵام ئەوەی زیاتر ئێرانی لەشەراب دوورخستەوە، خانەكانی مەغۆل بوون كە لەسەدەی شانزەهەمەوە حەزیان شەراب نەبوو، ئەوان رویانكردە “عەرەق” خواردنو پەرەیان بە بەرهەهێنانی عەرەق دا.
لەبەرامبەردا، لەسەدەی هەژدەمدا تەنها لەپاریسدا ساڵانە نزیكەی 100 هەزار بەرمیل شەراب دەخورایەوەو لەسەرەتای سەدەی حەڤدەو هەژدەهەمەوە جنو شەمپانیا داهێنران، بەڵام هێشتاجێگەیان بەشەراب پێلیژ نەكرا.
چا لەجیهانی ئیسلام سەركەوتنی بەدەستهێنا، واتە لەو سەرزەمینانەدا سەركەوتبوو كە شەرابیان لەئاستێكی فراواندا نەدەناسی
بەپێچەوانەوە شەرابو كحول ئەوروپاو رۆژهەڵاتی دووری فەتح كرد، چاو شەراب هەریەكەو جێی رێزو شانازی شارستانیەتێكی جودانو هەریەكەو مەڵبەندو جوگرایای تایبەتی خۆیان هەیە، چا گوزارشت لەشترستانیەتی چینو رۆژهەلاتی دوور دەكاو ترێو هەنجیریش گوزارشت لەوڵاتانی ئەوروپای سەر كەناری دەریای ناوەڕاست.
كرۆكی ئەم بابەتە ئەوەیە، كە خۆراكو خواردنەوەو هەر جۆرە گیایەك ئاماژەیەكە بۆ شارستانیەتێكی دیاریكراو.