قایمقامیەتی سلێمانی ئاماری شەش مانگی رابردووی لیژنەكان بڵاودەكاتەوە

لەماوەی شەش مانگی رابردوو لە شاری سلێمانی، زیاتر لە دووسەد تۆن خۆراك و ماددەی بەسەرچوو لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانییەوە لەناو براوە و 100 شوێنیش داخراوە، بەپێی ئەو ئامارەی كە تۆماری شەش مانگی رابردووی كارو چالاكیەكانی تێدا بڵاوكراوەتەوە 19883 شوێنی كاركردن بەسەر كراونەتەوە.

لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەم تا سەرەتای مانگی تەمموزی 2015، ئاماری سەردانی شوێن كارەكان و بڕی پارەی غەرامەكراو و ئەو شوێنانەی رووبەرٍووی دادگا كراونەتەوە بۆ رای گشتی بڵاودەكاتەوە.

لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و جێبەجێ كردنی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی (19883) شوێن كاریان بەسەركردۆتەوە، لە كۆی ژمارەی ئەو شوێنانەی كە بەسەركراونەتەوە (1826) شوێن كە وەك پێویست پابەند نەبون بە مەرج و رێنماییەكانەوە پسوڵەی سەرپێچیان بۆ كراوە و (100) شوێن بەهۆی زۆری سەرپێچییەكانیانەوە بڕیاری داخستنیان دراوە، هەرەوەها (12) شوێنیش رووبەرووی دادگا كراوەتەوە.

بەپێی ئاماری شەش مانگی رابردووی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، (234,358) دوسەد و سی و چوار تۆن و سێ سەدو پەنجاو هەشت كیلۆگرام خواردن و مەوادی بەسەرچوو زیان بەخش پاش دەست بەسەراگرتنیان لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناو براوە .

هەربەپێی ئامارە راگەیاندراوەكە بڕی ئەو غەرامانەی كە لە ئەنجامی سەرپێچی شوێنەكان كراوە بڕی 122 سەد و بیست و دوو ملیۆن و سی هەزار دینارە و بەپێی یاساو رێنماییەكانیش ئەو پارەیە دەچێتە             سەر داهاتی گشتی.