داهاتی مانگێكی نەوتی عێراق زیاتر لە 5 ملیار دۆلارە

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد: ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە مانگی رابردودا زۆر زیادیكردوە بەشێوەیەك كە لە چەندین دەیەی رابردودا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە و تەنها لەمانگی حوزەیراندا (95) ملیۆن و (600) هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە بەبەهای پێنج ملیار و (289) ملیۆن دۆلار.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی نەوتی خاو بەرزبونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتوەتە نزیكەی سێ ملیۆن و (187) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە ئەوەش لە چەند دەیەی رابردودا بەدەست نەهاتوە.

رونیشیكردوەتەوە؛ سەرجەمی ئەو بڕە نەوتەی لە بەندەرەكانی باشوری عێراقەوە لە بەسرەوە هەناردەكراوە گەیشتوەتە (90) ملیۆن و (700) هەزار بەرمیل و بڕی داهاتەكەشی پێنج ملیار و هەشت ملیۆن دۆلار بوە، لەكاتێكدا ئەو بڕەی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە كراوە چوار ملیۆن و (900) هەزار بەرمیل بوە، كە داهاتەكەی (281) ملیۆن دۆلار بوە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوت راشیگەیاندوە: تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی عێراق بە (55) دۆلار و (32) سەنت فرۆشراوە، نەوتی عێراقیش لەلایەن (36) كۆمپانیای جیهانییەوە لە بەندەرەكانی بەسرە و خۆر عەمییە و سەكۆكانی سەر كەنداوی عەرەبی و بەندەری جەیهانی توركییەوە باركراون.