ماوەی سێ ڕوژە مەرزی پەروێزخان داخراوەو شۆفێران ئاڕاستەكانیان گۆڕیوە بۆ مەرزەكانی خواروی عێراق، ژووری بازرگانی سلێمانیش ئاماژەبەوەدەكات ئەمە زیان بە مەرزەكانی كوردستان دەگەیەنێت.
ئەحمەد علی كەلاری ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی ژوور وتی” لەبەرواری 20/7 وە تا ئێستاش مەرزی پەروێزخان داخراوە لەڕوی هێنانی كەلوپەلی بازرگانی لەدیوی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان”
وتیشی” هۆكارەكەی مانگرتنی شۆفێرەكانی مەرزی پەروێزخانە لەدیوی هەرێمی كوردستانەوە ئەویش لەبەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی كە لێیان وەردەگیرێت لەلایەن كۆمپانیایەكەوە بە ئاوڕشێنكردن و دەرمانكردنی تایە و چەند پارچەیەكی تری ئۆتۆمبێلەكەیان وەك پاراستنی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە هەڵنەگرتنی ڤایرۆس لە ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم”
ئەو ئاماژە بەوەشدەكات” سەرجەم شۆفێران نیگەرانن بەو كارە و مانگرتنیان دەستپێكردووە شۆفێران ئۆتۆمبێلەكانیان نابەنە ئێران بۆ هێنانی ئەو بارانەی لە ئێرانەوە دێنە كوردستان”
ئەندامەكەی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی ئەوەش ڕوندەكاتەوە” بەپێی زانیاریەكانی ئێمە لە ئێستادا بارهەڵگرەكان لەدیوی ئێرانەوە ڕوودەكەنە مەرزەكانی سۆمار و مەندەلی كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدایە كەئەوەیش لەچەند لایەكەوە زیانی گەورە بەحكومەتی هەرێمی كوردستان و بازرگانان و هاووڵاتیان دەگەیەنێت لەم قەیرانە داراییەی هەیە”
بەپێی زانیاریەكان تا ئێستا مانگرتنی ئەو شۆفێرانە بەردەوامی هەیە و كێشەكانیان چارەسەر نەكراوە.