وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند كە ڕێژەی هەڵئاوسان لە مانگی حوزەیراندا بە ئاستی 0.4% بەرزبووەتەوەو ڕێژەی ساڵانەشی بە ئاستی 2.2% زیادیكردووە.
عەبد زهرە هنداوی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: دەزگای ناوەندی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانان ڕاپۆرتی هەڵئاوسانی بۆ مانگی 6ی ساڵی 2015 ئامادەكردووە، كە پشتی بەستووە بەو زانیاریانەی لەسەرجەم پارێزگاكان بەشێوەی مەیدانی لەسەر شمەك و پێداویستیەكان كۆیكردۆتەوە، لەوانەش خواردەمەنی و خانوبەرەو گواستنەوەو پەیوندیەكان و تەندروستی و فێركردن و چەند بابەتێكی دیكەی هاوشێوە.
بەگوێرەی زانیاریەكانی ئەو بەرپرسە عێراقیە، لە مانگی 6دا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنیەكان و خوارنەوە نا كحولیەكان ڕێژەی هەڵئاوسان بە ئاستی 0.4% زیادیكردووە.
ئەو بەرپرسە ئاشكراشیكردوە ” ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانەش بە بەراوردكردنی هەمان مانگ لە ساڵی 2014دا بە ئاستی 2.2% زیادیكردووە.