کەرکوک رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات

لێژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاستی هەناردەی نەوتی پارێزگاکەیان لە رێگای بۆڕی نەوتی کوردستانەوە ئاشکراکرد.

ئەحمەد عەسکەری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند ” ئێستا ئاستی هەناردەی نەوتی پارێزگای کەرکووک رۆژانە لە سنووری 300 هەزار بەرمیل نەوتە کە لە رێگای بۆڕی نەوتی کوردستان – جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت”.

هەناردەکردنی ئەو رێژە نەوتە بەپێی ئەو قەبارەیەیە کە لە پرۆژە بودجەی 2015ی عێراق دیاریکراوە و سەرۆکی لێژنەی وزەش داوادەکات کە:” حکومەتی عێراق بەشە بودجەی پارێزگاکەی بنێرێت بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانی ئەو پارێزگایە”.

هەناردەکردنی رۆژانەی 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کاتێکدایە کە بەر لە دوو ساڵ ئەو پارێزگایە پێشووتر رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگای بۆڕی نەوتی کەرکوک جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد، بەڵام لە دوای هاتنی داعش و تێکشکاندنی ئەوبۆڕیە و خاپوورکردنی ، ئێستا نەوتی کەرکووک لە رێگای بۆڕی نەوتی کوردستانەوە هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت.