سەرۆك وەزیرانی یۆنان دەڵێت: باوەڕی بەو رێككەوتننامەیە نییە كە لەنێوان وڵاتەكەی و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ واژۆ كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێبەجێی دەكات.
ئەلیكسیس سیبراس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان رایگەیاند: هەرچەندە باوەڕی بەو رێكەوتننامەیە نییە كە لەنێوان وڵاتەكەی و ناوچەی یۆرۆ بۆ دەربازبونی یۆنان لە قەیرانی ئابوریی واژۆ كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێككەوتننامەكە جێبەجێ دەكات.
سەرۆك وەزیرانی یۆنان، رێكەوتننامەكەی بە سەخت و گران وەسف كرد، بەڵام رونیشی كردەوە: ئەوە تەنیا بژاردەیە بۆ ئەوەی وڵاتەكەی لەناوچەی یۆرۆدا بمێنێتەوەو واژۆكردنی رێككەوتننامەكەش بۆ ئەوەیە، یۆنان لە كارەساتی ئابوری و هەرەسهێنانی بانكەكانی بپارێزێت.
سەرۆك وەزیرانی یۆنان، بەرپرسیارێتیی هەر هەڵەو كەموكوڕییەكی ئەو رێكەوتننامەیەی لەئەستۆ گرت و تەئكیدی كردوەتەوە كە بەسەختیی بەرگریی لەوەكردوە كە كرێی كارو موچەی خانەنشینی كەم نەكرێتەوەو لەهەمان كاتیشدا رەخنەی لەلایەنە قەرزدەرەكان گرتوە بەوەی كە تۆڵە لەیۆنان دەكەنەوە.