لە شاری سلێمانی نرخی گۆشتی مریشك بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەك نرخی هەر كیلۆیەك لەو گۆشتە نزیكەی دو هەزار دیناری چوەتە سەر، ئەوە لەكاتێكدایە جەژنی رەمەزان نزیكبوەتەوە و ئەوەش هاوڵاتیانی نیگەرانی كردوە.
مریشك فرۆشان دوپاتی دەكەنەوە بەراورد بە چەند رۆژی رابردو، نرخی یەك كیلۆ گۆشتی مریشك دو هەزار دینار زیادی كردوە و رۆژ لەدوای رۆژ نرخەكەی بەرزتر دەبێتەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە مریشك هەناردەی دەرەوەی كوردستان دەكرێت.
لای خۆیەوە، سۆران عەبدولغەفور، بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی پێیوایە بەهۆی وەرزی گەرماوە هەندێك لە خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر بە رێژەیەكی دیاریكراو مریشك دەخەنە بازاڕەوە و دەشڵێت:”ئێستاش كۆتایی رەمەزان و نزیكەی جەژنە و خواست لەسەر خواردن و كاڵاكان زیاد دەبێت”.
هەروەك ئەوە رەتدەكاتەوە كە هەناردەی مریشك بۆ دەرەوە كاریگەری لەسەر نرخەكەی و بازاڕ كردبێت و وتی : “لەرێگەی لیژنەكانمانەوە، ریگا نادرێت مریشك هەناردەی دەرەوە بكرێت”.