ڕێکەوتنەکەی ئێران نرخی نەوتی دابەزاند

 
 
لەدوای راگەیاندنی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و گروپی پێنج کۆ یەک، نرخی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیھان بە رێژەی ٢% دادەبەزی و لە دوروبەری ٥٦ دۆلار جیگیر بوو .
 
بەھۆی پێشبینی کردنی زیادبوونی بەرھەمی نەوتی ئێران لەدوای سووککردنی سزا نیۆدەوڵەتییەکان ، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنتی پێوانەیی ئەوروپا زیاتر لە یەک دۆلار دابەزی و گەیشتە ٥٦ دۆلارو ٦٦ سەنت ، ھەروەھا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی سووکی ئەمریکا ١ دۆلارو ٢١ سەنت دابەزی و بۆ ٥٠ دۆلارو ٩٩ سەنت داشکا .
 
سارۆش زایوالا پارێزەری شارەزا لە سزا نیۆدەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەلێت ، سزاکان بونەتە ھۆی پەککەوتنی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت لە ئێرانداو کەمبوونەوەی ئاستی ھەناردە بە رێژەی ٥٠% و دواخستنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان ، گەر بێت و سزاکان ھەڵبگیرێن ئەوا بازرگانی دەرەکی و وەبەرھێنان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن و دەبنە ھۆی کەمبوونەوەی تیچوونی بەرھەم ھێنانی نەوتی خاو .
 
شارەزایان پێیان وایە لەدوای لابردنی سزاکان ، ئێران پێویستی بەچەند مانگێک ھەیە بۆ ئەوەی ھەناردەی نەوت بگەرێنێتەوە بۆ ئاستی جاران ، بەڵام بە ھۆی زۆری خستنە رووی نەوت ھەر زیادبوونێک لەبەرھەمی نەوتی ئێران گەر کەمیش بێت کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر نرخی نەوت لە جیھاندا .
 
ز.ر