رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئەمریكییەكانی بەش كردووە

 
 
سەرۆكی لیستی كۆمارییەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، بۆ رەتكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پێویستمان بە دوو لە سێی دەنگی كۆنگرێس هەیە، چونكە لەوە دڵنیاین ئۆباما ڤیتۆ دژ بە بڕیاری كۆنگرێس بەكاردێنێت.
میچ ماككۆنێل، سەرۆكی لیستی كۆمارییەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا بە كەناڵی (CNN)ی راگەیاند: پارتی كۆماری لە رێككەوتنەكە رازی نین و لە كۆنگرێس دژ بەو رێككەوتنە دەنگ دەدەن، بەڵام بۆ زاڵبوون بە سەر ڤیتۆی ئۆبامادا پێویستمان بە دەنگی دوو لە سێی كۆنگرێس و سینات هەیە، ئەوەش كارێكی قورسە بتوانین ئەوەندە دەنگ كۆبكەینەوە.
هەرچەند بە پێی راپرسییەك كە لە دەزگاكانی راگەیاندنی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە، (59%)ی خەڵكی ئەمریكا بە رێككەوتنەكە دڵخۆشن، بەڵام تەنها (29%)یان باوەڕیان بەوەیە ئێران واز لە یارییە ئەتۆمییەكەی بهێنێت.
هەر ئەمرۆش ئۆباما لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی لەوە دڵنیا كردۆتەوە، ناهێڵن ئێران بگاتە ئاستێكی وا بەهێزی ئابوری بتوانێت دەستێوەردانی خۆی لە ناوچەكە درێژە پێبدات.
بە پێی خاڵێكی رێككەوتنەكەش، شەش مانگی یەكەم هیچ سزایەك لەسەر ئێران هەڵناگیرێت، تا ئەوكاتەی رێكخراوی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران بە بەندەكانی رێككەوتنەكەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرزدەكاتەوە. 
دواتریش لە حاڵەتی شكاندنی هەر بەندێكی رێككەوتنەكە، سزاكان لە ماوەی (65) رۆژدا دەسەپێنرێنەوە بەسەر ئێراندا.
 
ز.ر