وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان: گرفتی كەمی بەنزینمان نەماوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، رایدەگەیەنێت ” لەئێستادا هیچ گرفتێكی كەمی بەنزینمان نەماوەو بەنزینێكی زۆر لە عەمبارەكانیاندا هەیە، ئەمەش وا دەكات لە ڕۆژانی عارەفەو جەژندا تووشی قەیرانی بەنزین نەبن.

هەڤاڵ مایی، بەڕێوەبەری گشتیی لەوەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: هەموو ئامادەسازییەكیان كردووە تا لەپشووەكانی جەژندا تووشی قەیرانی نەبوونی بەنزین نەبن.

وتیشی: عەمبارەكانمان پڕن لەبەنزین و هیچ گرفتێكی كەمی بەنزینمان نەماوە، كارێكمان كردووە بۆ ڕۆژانی جەژنیش تووشی هیچ قەیرانێك نەبین.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، باسی لەوەشكرد: تاوەكو ئێستاش چوار گرێبەستیان بۆ كڕینی بەنزین هەیە، سێ‌ گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای ناوخۆیین ‌و ئەوی دیكەش لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركییە.

ڕوونیشیكردەوە: هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە 6 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، سێ ملیۆن لیتر لە دەرەوە دەكڕین، سێ‌ ملیۆنەكەی دیكەش لە ناوخۆدا بەرهەمدێت.

سەبارەت بەوەی كە وەزارەتەكەیان بڕیاریدا بێت پاڵپشتی كڕینی بەنزین نەكات، تا بەسەر شۆفێراندا دابەشبكرێت، ڕەتیكردەوەو وتی: تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدراوە.