پارێزگای کەرکووک: له‌ رووی ناسنامه‌وه‌ كه‌ركووك كوردستانییه‌

پارێزگاری كه‌ركووك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بەغدای بە ئاستەنگ خستنە بەردەم جێ بەجێ کردنی مادەی 140 تۆمەتبار کرد.
دوێنێ‌ دووشەممە، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، میوانداری د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووكی كرد و تێیدا بارودۆخی کەرکووک و هاتنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بۆ ناوچە دابڕێنداروەکان تاوتوێ کرا.
له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، پارێزگاری كه‌ركووك رایگەیاند “لە کەرکووک ره‌وتی ژیان به‌رده‌وامه‌ و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، بەڵام دوای پێكهێنانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ بارودۆخی كه‌ركووك به‌ره‌و گرژی ده‌روات و خەڵک لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نیگەرانن.”
د. نەجمەدین کەریم پێکهێنانی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی بە نادەستووری ناوبرد و رایگەیاند “به‌ پێی ماده‌ی 9ی دەستووری عێراق، سوپا نابێت ده‌ست بخاته‌ ناو كار باری ناوخۆ و  به‌پێی ماده‌ی 61 برگه‌ی پێنج، دیاری كردنی پله‌ به‌رزه‌ سەربازییەكان له‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی عێراق دایە.”
پارێزگاری کەرکووک لەبارەی مادەی 140ی دەستووری عێراقیش گوتی “جێ به‌جێ نه‌كردنی مادەی 140، كێشه‌كانی قوڵتر كردووەته‌وە و هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ئاسته‌نگ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌و ماده‌ دەستوورییە. له‌ رووی ناسنامه‌وه‌ كه‌ركووك كوردستانییه‌ و به‌رگه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان پارێزراوتر ده‌بێت.”
پارێزگاری کەرکووک گوتیشی “بۆ گەڕانەوەی یەکجاری کەرکووک بۆسەر هەرێمی کوردستان، پێویستە به‌شێوه‌یه‌ك  كاربكرێت كه‌هه‌موو پێكهاته‌كان خۆیان بریاربده‌ن ئه‌و ماده‌یه‌ جێ به‌جێ بكرێت.”
ناوبراو سەبارەت بە پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی لە کەرکووک رایگەیاند “لە كه‌ركووك له‌ رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ خزمه‌تی زۆر كراوه‌ و 6 هه‌زار هاوڵاتی له‌ رێگه‌ی سیسته‌می په‌ترۆدۆلاره‌وه‌ دامه‌زراون و كێشه‌كانی كاره‌با و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌ هاوكاری حكومه‌تی هەرێمی كوردستان چاره‌سه‌ركراون و هه‌موو ئه‌م خزمه‌تگوزارییانە بەبێ جیاوازی پێشكه‌شی سه‌رجه‌م قه‌زاو ناحیه‌و ناوشاری كه‌ركووك كراوە.”
پارێزگاری کەرکووک راشیگەیاند “پلانمان هه‌یه‌ له‌ چوارساڵی داهاتوو خوێندنی دوو ده‌وامی نه‌هێلین و بۆ ئەو مەبەستەش كه‌ركووك پێویستی به‌ 300 قوتابخانه‌ هه‌یه‌ له‌وماوه‌یه‌دا دروستیان بكه‌ین.”