سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت ” تەنها بەنزینی پاڵاوگە ناوخۆییەكان بە 700 دینار دەمێنێتەوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەت چیدی پاڵپشتی بەنزینی دەرەكی ناكات.
د. شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكیدا رایگەیاند “لە دواین كۆبوونەوەی نێوان لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان، ئەوەیان بۆ دەركەوت كە حكومەت چیدی ناتوانێت پاڵپشتی نرخی بەنزین بكات لە دەرەوە هاوردەی بكات و بە 700 دینار بە هاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە.
شێركۆ جەودەت وتیشی “ئەوەی هەیەو لە پاڵاوگەكانی كەڵەك و بازیان بەرهەم دەهێنرێت بە نرخی 700 دینار بۆ هەر لیترێك دەدرێتە شۆفێران، ئەمەش سەدا 60ی داهاتی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە، ئەو سەدا 40ی دەمێنێتەوە، دەبێت لە دەرەوە هاوردە بكرێت”.
بەپێی زانیارییەكان، لە ئێستادا لە شاری سلێمانی زیاتر لە 13 بەنزینخانە كە پێشتر بەنزینی حكومیان دابەشدەكرد بوونەتە بەنزینخانەی بازرگانی و خواستیش بۆ كردنەوەی بەنزینخانەی زیاتر بەردەوامە، كە بۆ هەر لیترێك بەنزین هەزار یاخود هەزار و 50 دینار لە شۆفێران وەردەگرن.