لەهەولێر چەندین بەڵێندەر خۆیان کوشتووە

 
سەرۆکی بەڵێندەرانی هەولێر رایدەگەیێنێت لە هەرێمی کوردستان 2 هەزار و 900 پڕۆژە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری قەیرانی دارایی کە نزیکەی 1300 پڕۆژەیان لە شاری هەولێرن و 90%ی پڕۆژەکانیش بەتەواوی راوەستاون.
د. سەرۆ دزەیی، سەرۆکی بەڵێندەرانی هەولێر ڕایگەیاند ” مەرجەکانی بەڵێندەران نادروستن و کەلێنیان تێدایە، بۆنموونە پارەی ساڵ و نیوێک کارکردنی بەڵێندەران لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەهۆی کەموکوڕی لە گرێبەستی نێوان هەردوولا، حکومەت خەمساردبووە لەو بارەیەوە، لە هەموو جیهاندا بەڵێندەر لە ماوەی مانگێک کارکردنی دەبێت حکومەت پارەی پێبدات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو بڕگەیە هەڵگیراوە”.
سەرۆ دزەیی گوتیشی ” تائێستا بەڵێندەرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی ئابووری هیچ ئەندامێکیان نییە، لە کاتێکدا ئابووری پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بەڵێندەرانەوە هەیە”.
سەرۆکی بەڵێندەرانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاربووە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکان تەرخانبكرێت، کە 84 ملیار بۆ سلێمانی، 74ملیۆن بۆ هەولێر و 42 ملیاریش بۆ دهۆک بێت، کەچی لە مانگی یەکەم تەنها 40%ی تەرخانکراو و دواتر ئەو بڕیارە کاری پێنەکرا، تائێستاش ئەوەی ماوە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەبێ هیچ بیانووێک تەرخاننەکراوە کە 35 ملیار دینارە.
سەبارەت بە دۆخی بەڵێندەرانیش لەم قەیرانە داراییەی هەرێمی کوردستاندا سەرۆکی بەڵێندەرانی هەولێر گوتی “چەندین بەڵێندەر بەهۆی قەیرانەوە تائێستا خۆیان کوشتووە یان تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی بوونە، زیاتر لە 300 کۆمپانیاش مایەپووچ بوون”.
 
ز.ر