دادگای فیدراڵی عێراقی 10 ماددەی لە یاسای بودجەی ساڵی 2015 رەتكردەوە كە یەكێكیان دانانی باجە لە سەر خواردنەوە كحولییەكان و جگەرە.
سەرحان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند ” حكومەتی عێراق لەدادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر 10 مادەی بودجەی ساڵی 2015 كردبو، سكاڵاكەی حكومەتی عێراق پشتبەستوو بوو بە ماددەی 62 ی دەستووری عێراق، كە گوایە لە پڕۆژەیاساكەدا بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەت، پەرلەمان 10 ماددەی زیادكردوون، چونكە پەرلەمان جگە لە كەمكردنەوەی خەرجی و گواستنەوە، بەبێ حكومەت ناتوانێت ماددە و بڕگەی دیكە زیادبكات”.
دادگای فیدراڵی 10 ماددەی یاساكەی رەتكردوونەتەوە كە یەكێك لەو ماددانە بریتییە لە دانانی باج لەسەر خواردنەوەی كحولییەكان و جگەرەو بابەتەكانی دیكە بە رێژەی 300%، لەگەڵ فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە كە لە یاساكەدا ئاماژەی پێدرابوو نابێت رۆژانە بانكی ناوەندی لە 75 ملیۆن دۆلار زیاتر بفرۆشێت.