بەهۆی پابەندنەبون بەمەرجو ڕێنماییە گەشتیاریو تەندروستیەكانەوە، هەوارگەی سەرچناری گەشتیاری لەشاری سلێمانی دادەخرێت.
ئاكۆ ئەحمەد عارف بەڕێوەبەری پشكنین لەگەشتوگوزاری سلێمانی لەبارەی هۆكاری داخستنی سەیرانگای سەرچنارەوە رایگەیاند “بەهۆی نەبونی پاكو خاوێنی پێویستەوە، نەخۆشی تێدا بڵاوبوەتەوەو لەڕوی گەشتیارییەوە لەئاستی پێویستدا نین”.
ئاماژەی بەوەشكرد كە هەوارگەكە ناكرێتەوە تاكو ئەو كاتەی تەواو پابەند دەبێت بەو مەرجو ڕێنماییو یاسایانەی كە لەلایەن لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دانراون.
بەپێی زانیارییەكان لەئێستادا دۆسیەیەكی تایبەت لەدادگای سلێمانی سەبارەت بەكەموكوڕییەكانی ئەم هەوارگەیە كراوەتەوە.
هەوارگەی گەشتیاری سەرچنار یەكێكە لەشوێنە گەشتیارییە مێژوییو بەناوبانگەكانی شاری سلێمانیو لەلایەن كۆمپانیای بەلاغی لوبانیەوە بەڕێوەدەبرێت كە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەو چەند ساڵێكە بەشێوەی موساتەحە ئەم پڕۆژەیەی پێدراوە.