بەمەبستی دانانی پلانێكی تەندروستی بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ لێپرسراوانی فریاكەوتنی خێرا كۆبویەوە.
لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هاتووە: ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەمموز، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، د. میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ لێپرسراوانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی 122 كۆبوویەوە.
لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە: كۆبونەوەكەش تایبەت بوو بە دانانی پلانی گونجاو لە رووی فریاگوزاری خێرایی تەندروستییەوە بۆ رۆژەكانی عارفەو رۆژەكانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لەناو شارو لە دەرەوەی شاری سلێمانیدا، تا بتوانرێت رێوشوێنی پێویست لەڕووی فریاگوزاری خێرایی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانەوە بگیرێتەبەر لەو چەند رۆژەی پشوودا، ئەمە سەرەڕای ئامادەباشی نەخۆشخانەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاوڵاتیان لەكاتە ئاساییەكان و لە كاتی پشوەكاندا.