بزانە هەرێم بەسەربەخۆی چەندنەوتی فرۆشتووە

هەرێمی کوردستان نزیکەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی سەربەخۆ فرۆشتووە 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راپۆرتی هەناردەکردنی نەوتی خۆی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکە:” تێکڕای هەناردەی نەوت لەو مانگە زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە”. 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی رابردوو لە رێگای بۆڕی نەوتی کوردستان – جەیهانەوە، رۆژانە 571 هەزار و 21 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، لەو رێژە نەوتەشی کە لەو مانگە هەناردەیکردووە، 12 ملیۆن و 740 هەزار و 711 بەرمیل نەوتی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەکردووە.
تێکڕای رۆژانەی هەناردەکەردنی نەوتی کوردستان، دەگاتە 424 هەزار و 690 بەرمیل نەوت، لە هەمانکاتدا کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە مانگی رابردوو 4 ملیۆن و 389 هەزار و 928 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە کە تێکڕای رۆژانەی، دەگاتە 146 هەزار و 334 بەرمیل نەوت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە:” لە مانگی رابردوو بڕی 4 ملیۆن و 493 هەزار و 334 بەرمیل نەوتی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە بە تێکڕای رۆژانەی 149 هەزار و 778 بەرمیل نەوت. 
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان  بڕی 11 ملیۆن و 893 هەزار و 231 بەرمیل نەوتی بە شێوەی سەربەخۆ فرۆشتووە.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە رۆژی 1ی حوزەیران هەرێمی کوردستان ئاستێکی نوێی لە هەناردەکردنی نەوت تۆمارکرد کە لەو رۆژەدا بڕی 676 هەزار و 54 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.
هاوکات لە ماوەی مانگی رابردوو لە بۆڕی نەوتی کوردستان، ماوەی 45 کاژێر لە کارکەوتن هەبووە کە ئەمەش لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. 
لە بەشیکی دیکەی راپۆرتەکە هاتووە کە” حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربووە لە مانگی حوزەیراندا فرۆشی راستەوخۆی نەوت زیاد بکات، بەهۆی ئەو برە قەرزانەی کە لە ئەنجامی بڕینی بوودجەی ساڵی 2014 ەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە دروستبوبوو”.  
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو پارەی پێشوەختی فرۆشتنی نەوتی لە چەند کۆمپانیایەکی نەوت وەرگرتبوو بۆ دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەلایەکیترەوە بەپێی ئەو راپۆرتە، ئەمساڵ بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان ئاڵۆزتربووە، بەهۆی ئەوەی کە حکومەتی عێراق بەشێکی لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە، لەگەڵ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردووەتەوە کە پابەند دەمێنێتەوە بە تەواوی یاسای بودجەی ساڵی 2015 بەردەوامیش دەبێت بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی نەوت و گاز لەگەڵ بەغدا.
 
ز.ر