بانكی ناوەندی عێراق پرۆژەی بەخشینی قەرز بۆ پرۆژە بچوكو ناوەندەكان لەرێگەی بانكە تایبەتیەكانی وڵاتەوە راگەیاندووە و بڕیارە لەسەرەتای مانگی تەمموزەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندوە” بڕیاری تەرخانكردنی یەك تریلیۆن دینار بۆ بانكە تایبەتیەكان دراوە ئەویش بەمەبەستی بەئاراستەكردنیان بۆ دروستكردنی پرۆژەی ناوەندو بچوك، كە لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە پەیڕەو دەكرێت”.
هیماشی بەوە كردووە ” ئامانجی ئەو پرۆژەیەش جێبەجێكردنی پەرەپێدانی ئابووریو كۆمەڵایەتیو پاڵپشتی كردنی پرۆژە ئابوورییە بچوكو ناوەندەكانە بۆ بەگەڕخستنی هێزی كاری خاوەن شارەزایی تایبەت”.
ئەو پارەیەش تەرخانكراوە بۆ پرۆژەی كەرتەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ، نیشتەجێبوون، بازرگانی، پەروەردەییو تەندروستیو گەشتیاری دەبێت، هەروەها سەرجەم بانكە تایبەتیەكانی عێراقیش ئەو پارەیە دەیانگرێتەوە كەئامادەییان تێدایە بەشداریی بكەن.
پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشكردوە ” هەموو هاووڵاتیەك لەهەر پارێزگایەك بێت دەتوانێت پارە تا سێ ساڵ بەبڕی 50 ملیۆن دینار قەرز بكات، لەبارەی رێژەی سوودیش رێككەوتن كراوە بەوەی لەسەدا 5.5 زیاتر نەبێت”.