رۆژی پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2015 ساماڵ سەردار، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مەڵاس محەممەد، وەزیری بازرگانی عێراق لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەسەر چەند بڕیارێك رێككەوتن.
بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەغدا لەسەر داوای هەرێمی كوردستان رازی بووە ” بەزووترین كات گەنمی هەڵگیراوی ساڵی رابردوو لە سایلۆكانی (فایدە، شێخان، مەخموور و هەولێر) بگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی جێگەی وەرگرتنی گەنمی زیاتری بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بكرێتەوە، هەروەها ئامێرەكانی خاڵیكردنەوەی گەنم لەلایەن بەڵێندەرەكانی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بنكەكانی گەنم زیادبكرێن”.
هەولێر و بەغدا لە سەر ئەوەش رێككەوتوون كە لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری پارێزگاكانیشەوە بەڵێندەر و ئامێری خاڵیكردنی گەنم بۆ سایلۆی مەخموور و ئەو بنكە نوێیانە دابینبكرێن كە كراونەتەوە، بۆ ئەوەی بڕی گەنمی زیاتر لە جووتیاران وەربگیرێت.
بەپێی راگەیێندراوەكە، تەواوی ئەركی تێچوونی پێداویستییەكانی ئەو بڕیارانەش لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە دابیندەكرێت، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستانیش لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی پارێزگاكانی كە لەلایەن جێگری پارێزگارەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێن، راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە.
ز.ر