لیژنەیەك لە شارەوانی و گەشتوگوزاری سلێمانی و باخچەكان پێكدەهێنرێت بۆ دەست نیشانكردن و دیزاینی زەوی ناوچەی دەباشان -دۆڵە میران و رێگای هەواری شاری -تونێلی پێشڕەو بۆ ئەنجامدانیان بە پرۆژەی گەشتیاری لە سنوری سلێمانیدا بە شێوەی موساتەحە لە لایەن كەرتی تایبەتەوە.
لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانیدا هاتووە: لەمیانی بەسەر كردنەوەیەكی هاوبەشی پارێزگاری سلێمانی و هەریەك لە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانیدا دوو پێشنیاز خرانەڕوو بۆ ئەوەی پڕۆژەی نوێی گەشتیاری ئەنجامبدرێت.
یاسین فەقێ سەعید، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند: “لەو بەسەر كردنەوەیەدا هاوڕێ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بە باشمان زانی بەشێك لە رێگای دەباشان تا فولكەی ئەحمەد گرێدەر بەرەو ناوچەی دۆڵە میران لە چیای گوێژەی سنووری سلێمانی بكرێتە پڕۆژەی گەشتیاری كە رێستۆرانت و شوێنی دانیشتن و نافورەو سەوزای دیواری راگر لە خۆی بگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی هاوبەش دروست دەكرێت بە نوێنەرایەتی شارەوانی و گەشتو گوزار و باخچەكان لە ئەگەری تەواوبوونی دیزاین ماستەر پلانیدا ئەو پرۆژەیە گەشتیاریە دەدرێتە وەبەرهێن تا بەشێوەی موساتەحە جێبەجێبكرێت.
وتیشی: “رێگای هەواری شار- تونێلی پێشڕەو كە شەقامێكی دووسایدی 40 مەتریە بەشێكی تری بەسەر كردنەوەكەمان بوو تیایدا وەك پێشنیاز كرا بخرێتە بەردەم تاووتوێی ئەندامانی لیژنەكە و پرۆژەی گەشتیاری بە درێژای ئەو رێگایە ئەنجامبدرێت كە ئێمە وەك گەشتوگوزار پێمان باش بوو پڕۆژەی یەكەم كە رێگای دەباشان بەرەو چیای گوێژەیە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە سوودی زیاتری لێ دەكەوێتەوە لە رووی گەشتیاریەوە”.