بانكی ناوەندی پاشەكشە بە دۆلار دەكات

 
بانكی ناوەندی عیراق  ڕیَِژەیەكی زۆری دۆلاری خستە بازاڕەوە بەوهۆیەوە نرخی دۆلار بە ڕێژەیەكی بەرچاو دەهێنێتە خوارەوە.
 
بانكی ناوەندی عیراق لە بەیاننامەیەكدا، ڕوونیكردۆتەوە: “ڕۆژی چوارشەممە بڕی فرۆشتنی دۆلار بە زیادكردنی ئاشكرا گەیشتۆتە 314 ملیۆن و 101 هەزار و 416 دۆلار”.
ئاشكراشی كردووە: “ڕۆژی سێشەممە بڕی 285 ملیۆن دۆلار بە نرخی 1116 دینرا بۆ هەر یەك دۆلار فرۆشراوە و 23 بانك و كۆمپانیای حەواڵە بەشدارییان لە زیادكردنە ئاشكراكەدا كردووە”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: “بڕی حەواڵە و پاڵپشتیەكان دەگاتە 293 ملیۆن و 401 هەزار و 416 دۆلار و بڕی 20 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بە نەقد فرۆشراوە”.
 
بە پێی یاسای بودجەی 2015ی عیراق، پێویستە بانكی ناوەندی ڕۆژانە تەنها بڕی 75 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت، بەڵام بە هۆی
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە بانكی ناوەندی بە مەبەستی پاراستنی بەهای دیناری عیراقی بڕی فرۆشتنی دۆلاری زیاد كرد و پێشێلی ئەو بڕگە یاسایەی كرد.
ئەو بەیاننامەیە جەختیشی كردۆتەوە: “بانكی ناوەندی كڕین و فرۆشتنی دۆلار بە بڕی 1116 دینرا بۆ یەك دۆلار دەكات، بەڵام بۆ فرۆشتنی حەواڵە یەك دۆلار بە 1187 دینار دەفرۆشێت
هاوكات لە بازاڕی سلێمانی بەهۆی زۆری خستنە بازاڕی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیەوە، نرخی 100 دۆلار لە 128 هەزار و 500 دینارەوە دابەزی بۆ 127 هەزار و 500 دینار.
 
ز.ر