كارگەیەكی دروستكردنی شیرینی لەناو بازاری شاری سلێمانی دادەخرێت و ، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ڤێترنەریش رایدەگەیەنێت، پاش سەردانكردن و بەدواداچوون دەركەوت كارگەكە هیچ مەرجێكی یاسایی و تەندروستی تێدا نییە.
پاش ئەوەی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئاگاداردەكرێتەوە لە هەبوونی كارگەیەكی دروستكردنی شیرینی گومان لێكراو لەناو بازاری شاری سلێمانی ، بەمەبەستی بەدواداچوونی زیاتر لیژنەی تەندروستی و ڤێترنەری سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی سەردانی كارگەكەیان كرد و لەنزیكەوه پشكنینی خۆیان ئەنجامدا.
لەو بارەیەوە سامان عومەر سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ڤێترنەری رایگەیاند: پاش سەردانكردن و پشكنین دەركەوت ئەوكارگەیە هیچ مەرجێكی یاسایی تێدا نییە و نزیكەی 4 ساڵە مۆڵەتی كاركردنەكەی بەسەرچووە و خاوەنی كارگەكە شوێنی كاركردنەكەی بۆچەند مەبەستێك بەكارهێناوە ، ووتیشی كارگەكە هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نەبووە.
سەرۆكی لیژنەكە ئاماژەی بەوەشكرد بە بریاری قائیمقامی سلێمانی بریاری داخستنی درا و بەمەبەستی لێكۆڵینەوەش رەوانەی دادگا كراوەتەوە.
ز.ر