قەیرانەكانی هەریمی كوردستان كاری كردۆتە سەر بەشێكی زۆری میوانخانەكان و ڕوژانەش مەترسی داخستنیان لەسەرە.
هێرش ئەحمەد چاوشین ؛سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و چیشتخانەكانی هەریمی كوردستان؛ ڕایگەیاند: “قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، كە سەپیندراوە بە سەر هەرێمی كوردستاندا ڕاستەوخۆ كاردانەوەیەكی زۆر سلبیانەی كردە سەر كەرتی گەشتوگوزار لە هەریمی كوردستاندا”.
وتیشی: “بەهوی قەیرانی دارایی و نەهاتنی گەشتیار لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٠٠ میوانخانە داخراون لەبەر نەهاتنی گەشتیار و ئەو میوانخانانەی، كە ماونەتەوە ٨٠٪ كاریان كەمی كردووە و بەو هۆیەشەوە ٦٠٪ كارمەندانی ئەو میوانخانانە نێردراونەتەوە ماڵەوە”.
جەختیشی كردەوە: “داوامان لە حكومەتی هەرێم كردووە، كە گەشتیار و ئاوارە لەیەكتر جیابكاتەوە، هاتنی گەشتیار فیزای گەشتیاری پێبدریت لە بازگەكان و فڕۆكەخانەكاندا، چونكە ئیستا وامانلێهاتووە لە بازگەكاندا گەشتیار ناتوانن بێنە ژوورەوە بەهۆی شەڕی داعش-ەوە، بویە پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە، كە گەشتیار لەخواروی عێراقەوە بێتە كوردستان، چونكە ٨٥٪ گەشتیاری هەرێمی كوردستان لە خواروی عێراقەوە دێن”.