بۆ رێگریكردن لە زیادكردنی نرخ و هەروەها ساغ كردنەوەی خواردنی بەسەرچوو زیان بەخش، لەمانگی رەمەزاندا لیژنەكان چاودێری زیاتری بازاڕدەكەن و سەردان و بەدواداچونەكانیان چڕتر دەكەنەوە, سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانیش رایدەگەیەنێت لە رەمەزاندا هەوڵەكانیان چڕتر كردووەتەوە و رێگە نادەن بازاڕەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكار بهێندرێت.
سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند “بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان بە بەراورد بە مانگەكانی تر سەردان و بەدواداچونی لیژنەكان چڕتر كراونەتەوە و رۆژانە لە رێگەی لیژنە تایبەتمەندەكانەوە بەشێوەیەكی وورد چاودێری بازاڕ و ماركێت و فرۆشتگاكان دەكرێت و رێگە نادرێت مانگی رەمەزان لە لایەن كاسب كارانەوە بكرێتە هەلێك بۆ زیاد كردنی نرخ و ساغ كردنەوەی خواردن و كالای زیان بەخش.
سۆران عەبدولغەفور ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد “بە درێژایی مانگی رەمەزان بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لیژنەكان بە ئامانجی بەدیهێنان و داكۆكی كردن لە بەرژەوەندی گشتی بەردەوام دەبن لە چاودێری كردنی بازاڕ و شوێنە گشتیەكان و بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت بازاڕ بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكار بهێندرێت و لە ئەگەری پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەكان بەپێی یاسای سەرپێچی كاران رووبەڕووی سزا دەكرێتەوە.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند “بە هەمان شێوە لە دوای مانگی رەمەزان بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان و ئەو ئەركەی كە لە ئەستۆیاندایە بۆ داكۆكی كردن لە بەرژەوەندی گشتی بە بێ كەمتەرخەمی جێبەجێی دەكەن.