حكومەتی هەرێم لەرێی دوو بانكی نێودەوڵەتیەوە قەرز دەكات

حكومەتی هەرێم داوای لە هەردوو بانكی (دویچە بانك)‌و (گۆڵدمان ساكس) كردوە تاكو داوا لە وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییە داهات جێگیرەكان بكەن بۆئەوەی قەرز بە هەرێمی كوردستان بدەن.
 

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند”دوای پەسەندكردنی پرۆژە یاسای راكێشانی مایە لە رێگەی قەرزەوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، حكومەتی هەرێم هەریەكە لە دویچە بانكی ئەڵمانی‌و  گۆڵدمان ساكسی ئەمریكی رادەسپێرێت زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییە داهات جێگیرەكان لە لەندەن بكەن”.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشكرد “ئامانج لەم كۆبونەوەیە ئەوەیە ئەو دو بانكە لە داهاتویەكی نزیكدا رێكەوتن لەگەڵ ئەو وەبەرهێنانەدا بكەن”.

پرۆژەیاسای راكێشانی مایە لە رێگەی قەرزەوە، لە رۆژی 16ی حوزەیرانی 2015 لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەردراو بەپێی ئەو یاسایە حكومەتی هەرێم دەتوانێت تا بڕی (5 ملیار دۆلار) قەرز لە وڵاتانی دەرەوە بكات.