سبەینێ بەنزینەكەی ئیمارات دەگاتە هەرێم

ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە ئەو بەنزینەی‌ حكومەتی‌ هەرێم لە وڵاتی‌ ئیماراتی‌ كڕیوە سبەینێ سێشەممە دەگاتە هەرێم و بەنرخی‌ بەنزینی‌ حكومی‌ بە شۆفێران دەفرۆشرێت”.

د. عیزەت سابیر، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكیدا رایگەیاند: “ئەو بەنزینەی لە لایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە لە  وڵاتی‌ ئیمارات كڕدراوە لە رێگەی دەریاوە دەهێندرێتە توركیا و لەوێشەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت”.

وتیشی‌: “بریكاری‌ وەزیری‌ سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم پێی راگەیاندون كە حكومەتی هەرێم لە چەند رۆژی‌ رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیووە بە تەواوەتی پارەی ئەو كۆمپانیایە بدات كە بەنزینەكە لەئیماراتەوە هاوردەی هەرێم دەكات، بەوهۆیشەوە گەیشتنی بەنزینەكە دواكەوتووە”.

عیزەت سابیر ئاماژەی‌ بەوەشكرد “لە ئێستادا كێشەكە چارەسەركراوە و پارەی تەواوی كۆمپانیاكە دراوە، سبەینێ سێشەممە بەنزینەكە دەگاتە هەرێمی كوردستان و رۆژی‌ چوارشەممەش بەسەر بەنزینخانەكاندا دابەشدەكرێت ‌و بە نرخی‌ 700 دینار بە شۆفێران دەفرۆشرێت”.