قەیرانی كارەبا زیاتر دەبێت

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت “ئەگەر بەزووتریت كات بڕی پێویستی سووتەمەنی  بۆ یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین نەكرێت، ئەوا قەیرانی كارەبا زیاتر دەبێت”.
 

ئەندازیار یاسین حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاند: “ماوەی چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستان كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا كەمیكردووە، كە ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی خواستی هاوڵاتیان لەبەكارهێنانی كارەباوە دەگەرێتەوە، بە تایبەت لەگەڵ دەستپێكردنی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا لە دوای 12 ی  شەوەوە كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیاتر بەكاردێت”.

وتیشی: “هۆكارێكی دیكەی كەمبوونەوەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا دەگەڕێتەوە بۆ كەمی سووتەمەنی كە لە رۆژی هەینییەوە كێشەی ستووتەمەنیمان هەیە بۆ چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنان”.

یاسین حەسەن راشیگەیاند “لە ئێستادا چوار وێستگە لەكار وەستاون بەهۆی دابین نەكردنی سووتەمەنیەوە، بۆیە ئەگەر بێت و بەزووتریت كات بڕی پێویستی سووتەمەنی  بۆ یەكەكانی بەرهەمهێنانی  كارەبا دابین نەكرێت، ئەوا كێشەی كەمی كارەبا زیاتر دەبێت”.