لەماوەی 40 رۆژدا 91 هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و باخ سووتاون

بەڕێوەبەری گشتی رەزگەریی و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت بەهۆی دابیننەكردنی بودجە بۆ پاككردنەوەی گژوگیای نێو دارستانەكان و كەڵەكەبوونی گژوگیا و پووشێكی زۆر، ئەمساڵ دوو بەرامبەری رووبەری ساڵی رابردوو پاوان و دارستان و رەزوباخ سووتاون.  
 
بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا 91 هەزار و 275 دۆنم پاوان و دارستانی سروشتی و دەستكرد و رەز و باخ سووتاون.
 

زۆرترین رووبەری سووتاو لە پارێزگای سلێمانی بووە كە 90 هەزار و 574 دۆنم بووە، لە دهۆك 158 دۆنم، لە هەولێر 40 دۆنم و لە گەرمیان و راپەڕینیش 565 دۆنم زەوی سووتاون.

دوای سووتانی ئەم رووبەرە زۆرەی دارستان و پاوان، ئەنجومەنی ژینگەی كوردستان لێژنەیەكی لە نوێنەرانی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، ناوخۆ، ئەوقاف، پێشمەرگە و دەستەی ژینگە پێكهێنا بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوە.

 بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی ئاگركەوتنەوەش، وەزارەتی كشتوكاڵ هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ پاككردنەوەی دارستانەكان دەستپێكرد.

جێی ئاماژەیە هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاتر لە 5 ملیۆن و 120 هەزار دۆنم دارستانی سروشتی، 58 هەزار دارستانی دەستكرد و 6 ملیۆن و937 هەزار دۆنم پاوان و نزیكەی 262 هەزار دۆنم رەز و باخە.