فیلمی “شیرین” لە هەولێر نمایشدەكرێت

وا بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ ی بەیانی بەکاتی ناوەخۆ، لە هۆڵی میدیا لە درێژەی پێشاندانەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی “نا بۆ توندوتیژی”، فیلمی سینەمایی “شیرین” لە دەرهێنانی “حەسەن عەلی” بێتە پێشاندان.
ئەم فیلمە کە ١٠٤ خولەکە، هەریەکە لە “شوان عەتوف” و “بەیان عوسمان” رۆلی سەرەکی تێدا دەگێڕن و فیلمەکەش لە کوردستان و فەرەنسا وێنەگیراوە.
عەدنان عوسمان بەرێوەبەری سێیەمین فێستیڤاڵی سینەمایی نا بۆ توندوتیژی رایگەیاند “لە کاتژمێر ١٠ ی ئەمڕۆ، واتە ٢٦ ی مانگ و لە درێژەی چالاکییەکانی دووەمین رۆژی فێستیڤاڵ، فیلمی سینەمایی “شیرین” لە هۆڵی میدیا پێشان دەدرێت”.
ئەم فیلمە چیرۆکی دوو خۆشەویست دەگێڕێتەوە کە هەردووکیان لە فەرەنسا دەگەڕێنەوە کوردستان و بەیەکتر ئاشنا دەبن و ئاشقی یەک دەبن، دواتر یەکێکیان دەچێتەوە فەرەنسا و ئەویتریان بە دوای ئەو دەڕوات.
چالاکییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی سینەمایی “نا بۆ توندوتیژی” لە ٢٥ ی مانگ دەستی پێکرد و ماوەی چوار رۆژ بەردەوامی دەبێت.
كوردمیلۆدی