سلێمانی:لەسەدا 75% كارگەكانی كەرەستەی بیناسازی پابەندن

 
بەپێی راپۆرتێكی لیژنەی بەدواداچونی كارگەكانی بەرهەمهێنانی كەرەستەی بیناسازی قائیمقامیەتی سلێمانی زۆربەی كارگەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی پابەندن بەو مەرج و رێنماییانەی كە بۆیان دەستنیشان كراوە ، و ئەو كەرەستە بیناسازیانەی كە بەرهەم دەهێنرێت  لە ڕووی كوالیتییەوە لە ئاستێكی بەرزدایە.
رەئووف محەمەد سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی كارگەكانی بەرهەمهێنانی كەرەستەی بیناسازی لە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:  لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە بەرواری دەست بەكاربونی لیژنەكەیانەوە (1169) سەردانیان بۆ (384) كارگە ئەنجامداوە و رێنمایی پێویستیان پێداوان  بۆ ئەوەی باشترین جۆری كەرەستەی بیناسازی بە كوالیتیەكی بەرز لە سنوری پارێزگای سلێمانی  بەرهەم بهێنرێت، رەئوف محەمەد ئاماژە بەوەشكرد لەسەرەتای دروست بوونی لیژنەكەیانەوە تاوەكو ئێستا بەشێكی كەم لە كارگەكان پابەندنەبوون بە مەرجەكانەوە، ئەوانیش (96) كارگەن كە دەكاتە رێژەی (%25)، لەو رێژەیەشدا پسوڵەی سەرپێچی بۆ 51 كارگەیان كراوە.  ووتیشی پاش خستنەگەڕی هەوڵەكانیان و پێدانی زانیاری (%75) كارگەكان پابەندن بە رێنماییەكانەوە كەدەكاتە (288) شوێن و ئەو مەوادانەشی كە بەرهەمی دەهێنن كوالیتییەكەی لە ئاستێكی باشدایە.
سەرۆكی لیژنەكە ووتی  مەبەست لە سەردان و بەدواداچونەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی جۆر و كوالیتی ئەو مەوادانەیە كە لە كارگەكانی كەرەستەی بیناسازیدا بەرهەم دەهێندرێت و هەر كارگەیەكیش گومان لە جۆر و كوالیتییەكەی بكرێت بەرهەمەكەی رەوانەی تاقیگەی بیناسازی دەكرێت و پاش دەرچوونی ئەنجامكەی رێنمایی پێویستیان پێدەرێت، رەئوف محەمەد ئەوەشی خستەروو بەهۆی ئەو قەیرانی داراییەی كە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە كاریگەری زۆری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی كارگەكان دروست كردووە و هەندێك لە كارگەكان كاركردن تیایاندا راوەستاوە.
بە پێی زانیارییەكانی بەرێوەبەرایەتی پیشەسازی سلێمانی  لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین (936) كارگەی بەرهەمهێنانی كەرەستەی بیناسازی بوونیان هەیە.