ئەندامێكی ژوری بازرگانی: دەبێت رێگری لەگرانبونی دۆلار بكرێت

ئەندامیكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت گرانبونی دۆلار دەبێتە هۆی گرانبونی بازار و هەر بۆیە دەبێت ئەو گرانبونە رابگیرێت.

بورهان علی ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی و شارەزا لەكاری بازرگانیدا لەلێدوانێكیدا بۆ سایتی ژووری بازرگانی وتی” حكومەتی مەركەزی و بانكی مەركەزی لە فرۆشتنی دۆلاردا ناتەندروستن و تەنها سەرافەكانی بازار لێی سودمەندبون و شتومەك و خواردن و كاڵاكان لەبازارەكاندا گرانبون”

وتیشی” ئەگەر حكومەت و بانكی ناوەندی دۆلار بەو نرخە هەرزانە بدەنە بازرگان كە مەنەفیستی هێنانی كاڵاو شتومەكەكانی پێیە لە ولاتانەوە ئەوكاتە نرخ گران نابیت وە حكومەتیش توانای لێپرسینەوەی دەبێت لەگەڵ بازرگانەكان چونكە دۆلاری بەنرخی هەرزان بو دابین دەكات”

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی ئاماژە بەوەشدەكات” سەراف هەیە لەبازاردا رۆژانە زیاتر لە ٢ ملیون دۆلار لە بانكی مەركەزی وەردەگرێت ئەمەش تەنها سود بە سەرافەكە دەگەیەنێت هاوڵاتیش گلەیی لەوەدەكات كەبۆ نرخی شتومەك گرانبووە بۆیە پێویستە حكومەت ئەو كار ئاسانیە بو بازرگانان بكات نەك سەراف چونكە ئەوان كار ئاسانی ناكەن بو هاووڵاتیان”

بورهان علی جەخت لەوەدەكاتەوە كە دەبێت بانكی مەركەزی تەنها كار بەوە بكات كە دۆلار بەنرخی هەرزان بگەیەنێتە دەست ئەو بازرگانانەی كە شتومەك لە وڵاتانەوە دێنن تا نرخ لەسەر هاوڵاتی گران نەبێت بەهۆی كڕینەوەی دۆلار لە بازاردا لەلایەن بازرگانانەوە.