هۆكارەكانی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی

بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان باس لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی‌ بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عیراقی دەكات و رایدەگەیەنێت هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلار شەڕی دژی داعش و بانكی ناوەندی عێراقە.
 

هاوار شێخ رەئوف بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەلێدوانێكیدا رايگەیاند: “دانەبەزینی بەهای دۆلار پەیوەندی بەو هۆكارانەوە هەیە كە بوونەتە مایەی بەرزكردنەوەی بەهاكەی، لەوانە یەكەم هۆكار شەڕی داعشە، هەتا شەڕ لەم وڵاتە هەبێت و دۆخی سیاسی وڵات ئارم نەبێت خەڵكی متمانەی بە دیناری عیراقی نییە و دراوێكی دەوێت كە نرخەكەی جێگیر بێت و دابەزین بەخۆیەوە نەبینێت، بۆیە ئەو پارانەی كە هەیەتی بە دۆلار پاشەكەوتی دەكات”.

وتیشی: “هۆكاری دووەم دەگەڕێتەوە بۆ بانكی مەركەزی كە بڕی دۆلاری‌ خراوەڕوو یان جێگیرە یان كەمتربووەتەوە كە ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دیناری عیراقی”.

بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاماژەی‌ بەوەشكرد جگە لەو هۆكارانە، بەهۆی بوونی شەڕەوە ئابووری عیراق لەجێگەی خۆیدا وەستاوە و گەشە ناكات یاخود بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.

بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانییەكانی‌ هەرێم باسی لەوەشكرد: “ئەم وەستاندن و دیاریكردنەی نرخی فرۆشی دینار بەرانبەر بە دۆلار، پەیوەندی بە تەداخولاتی بانكی مەركەزی عیراقییەوە هەیە، چونكە پێشتر بانكی مەركەزی دراوی دۆلاری زۆر دەخستە بازاڕەوە و زۆری لێدەفرۆشت، كە ئەم زۆر فرۆشتنەش بوو بە مایەی ئەوەی كە نرخێك ببەخشێت بە دیناری عیراقی، بەڵام ئێستا فرۆشی دۆلاری كەمكردووەتەوە”.