فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانەكانی بۆ ووڵاتانی ئەوروپا گەیشتە ووڵاتی نەرویج لەلایەن بۆرگێ بڕێندەر وەزیری دەرەوەی نەرویج پێشوازی لێكرا.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو سوندوس عومەر باڵیۆزی عێراق لە نەرویج و خاتوو سیسل برێیی باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و ئوردن و شاندێكی دیبلۆماسی ئەم ووڵاتە ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پوختەیەكی سەبارەت بە دۆخی سیاسی و رەوشی ئاسایشی عێراق و هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر عێراق و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان و رەوشی مرۆیی باسكرد.
پاشان، جەختی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندیە دوولایەنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتی نەرویج كردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی نەرویج دووپاتی لەبەرەو پێشچوونی پەیوەندیە دوولایەنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتەكەی كردەوە. بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێزیان بە خۆشحاڵیەوە ڕایگەیاند كە ووڵاتەكەی نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لە هەڕێمی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكاتەوە.
لەم بارەیەوە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ستایشی ئەم هەنگاوەی حكومەتی نەرویجی كرد بە كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستان، چونكە دەبێتە هەوێنی پتەوكردنی پەیوەندیە دوولایەنەكان لەرووی سیاسی و ئابووری و كەلتوری و كۆمەڵایەتیەوە.
هاوكات، وەزیری دەرەوەی نەرویج ستایشی هەوڵەكانی سەركردایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كرد لە رووبەروو بوونەوەی هێزە چەكدارەكانی داعش و لەخۆگرتنی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئاوارەی عێراقی و سوری لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بۆیە دووپاتی كردەوە كە ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریە مرۆیی و سەربازیەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایدا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە سەركردایەتی ووڵاتی نەرویج ڕاگەیاند لە پاڵپشتی كردنی هێزەكانی پێشمەرگە و پێشكەشكردنی هاوكاریە مڕۆیەكان بۆ هەرێمی كوردستان.