“قەیرانی دارایی هەرێم قورستر دەبێت”

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان ماوەی دوو ساڵە لە قەیرانێكی ئابووریدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئەو قەیرانە قورس تر دەبێت.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” هەرێمی كوردستان دوو ساڵە لەقەیرانێكی ئابووریدا دەژی، كە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قورس تر دەبێت لەسەری بەهۆی چەند فاكتەرێكەوە، ئەوانیش یەكەم نەبوونی پلان و جەدوای ئابووری و هونەری دروست بۆ پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت و گشتی، دووەم گرنگیدان بەتەنها سێكتەرێك یان چەند سێكتەرێكی دانسقەو لەوانە سێكتەری دروستكردنی باڵەخانەو یەكەی نیشتەجێی گرانبەها كەنەیتوانیوە پێویستی خاوەن كەمدەرامەتەكان دابین بكات و تەنها سەرمایەدارەكان سودمەند بوون لێی یان ئەوانەی داهاتیان بەرزە.

ئەو پەرلەمانتارە، باسی لەوەشكرد: گەشتوگوزار و سەفەری بێبەرنامەو كڕینی سەیارەی گرانبەها بەتەواوی مانای بەكاربردن و زیادە مەسرەف، دیكۆراتی بێسودی خانوو ناو ماڵ و كۆگاو كارگەو كارو جلوبەرگی زیاد لەپێویستی تاكەكەس، ئەمانە زۆربەی ئەوخاڵانەن كە بوونەتە هۆی بەفیڕۆ چوونی سەرمایە زیندوەكانمان و گۆڕینیان بۆ سەرمایەی مردوو كەزینووبوونەوەیان مەحاڵە.