عێراق رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، توانامان بۆ عەمباركردنی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو لە 4 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 14 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە وبەرهەمی تێكڕای نەوتی عێراق و كێڵگەكانی كوردستان دەگاتە نزیكەی 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

ئەحمەد ساعدی، راوێژكاری رۆژنامەوانی وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند “توانامان بۆ عەمباركردنی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو لە 4 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 14 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە،  ئاستی هەناردەكردنی نەوتی عێراقیش بەردەوام لە بەرزبووندایە، ئەمەش بەڵگەی زیاتربوونی توانامان و پتەوبوونی ژێرخانە لەكاتێكدا عەمبارەكانمان لە ماوەی شەش مانگدا لە 14 عەمبارەوە بۆ 42 ئەمبار زیادبوونە”.

ئەحمەد ساعدی ئاماژەی بەوەشكرد “بەرهەمهێنانی نەوت لە باشوور و ناوەڕاست گەیشتووەتە 3.391.000 بەرمیل لە رۆژێكدا و نەوتی كێڵگەكانی باكوور و ئاڤانا و بای حەسەن وكێڵگەكانی كوردستان، كە لە بەندەری جەیهان بەدەستهاتوون گەیشتووەتە 346.000 بەرمیل لە رۆژێكدا و كۆی ئەو نەوتە دەگاتە 3.737.000 بەرمیل لە رۆژێكدا و ئەگەر 150.000 بەرمیل نەوتی بەكارهێنراو لەلایەن پاڵاوگەكانی كوردستانەوەش ئەژماربكەین كۆی گشتی دەگاتە 3.900.000 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا”.