كۆنفرانسی‌ نەوت‌ و غازی عێراق لە بەریتانیا ئەنجامدەدرێت

بە مەبەستی‌ تاوتوێكردنی‌ سیاسەتی‌ نەوت‌ و غازی عێراق‌، بە بەشداریی وەزیری‌ سامانە سروشتییەكانی‌ هەرێم‌ و چەند وەزیرێكی‌ حكومەتەكەی‌ عەبادی‌، كۆنفرانسی‌ نەوت ‌و غازی عێراق لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

كۆنفرانسەكە رۆژانی( 9 و 10‌)ی  ئەم مانگە لە شاری‌ لەندەن بەڕێوەدەچێت‌ و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی‌ بواری‌ نەوت‌ و غاز بەشداریی‌ تێدا دەكەن.

لە كۆنفرانسەكەدا جگە لە كۆمپانیا نەوتییەكانی‌ وەك شێڵ ‌و دی‌ ئێن ئۆ، شێڤرۆن، نوێنەری‌ وڵاتانی‌ ئەمەریكا و بەریتانیا بەشداریی‌ دەكەن.

لەسەر ئاستی‌ عێراق ‌و هەرێمی‌ كوردستانیش، حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیران‌ و رۆژ نوری‌ شاوەیس، جێگری‌ سەرۆك وەزیران‌ و عادل عەبدولمەهدی‌، وەزیری‌ نەوت‌ و فەلاح جاسم، سەرۆكی‌ كۆمپانیای سۆمۆ بەشداریی‌ دەكەن و لەسەر ئاستی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش، ئاشتی‌ هەورامی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتییەكان بەشداری‌ دەكات و تەوەری سەرەكی كۆنفرانەكەش بریتیە لە دەرهێنانی‌ نەوت ‌و غازی عێراق‌ و وەبەرهێنان لەو بوارەدا.