لەمەودوا پارەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبون لەڕێگەی بانكەوە دەدرێت

ژمارەی بانكی بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبون دەكرێتەوە و بەشدارانی ئەو پڕۆژانە لەمەودوا ئەو پارە و قیستانەی دەكەوێتە ئەستۆیان دەیخەنە سەر ئەو ژمارە بانكیانە و خاوەن پڕۆژەكانیش ناتوانن راستەوخۆ پارەكان خەرج بكەن و دەبێت رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنان بۆ راكێشانی وەربگرن.

رێبوار خەلیل سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و گەرمیان كۆبوەوە .
 
لەدوای كۆبونەوەكە فەرمان غەریب، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی، رایگەیاند: ژمارەی بانكیمان بۆ بەشداربوانی پرۆژەیەكی نیشتەجێبون لە كەلار كردوەتەوە بۆ ئەوەی قیستی مانگانەیان راستەوخۆ نەدەن بە كۆمپانیای جێبەجێكار.
 

فەرمان غەریب ئاماژەی بەوەشكرد ” لە ئەگەری هەر كەموكوڕییەك لە پڕۆژەكەدا، پارەكە نادرێتە كۆمپانیاكە، چونكە ئەو پارانە دواتر بە ئیمزای سەرۆكی دەستە و هەردو بەڕێوەبەری گشتیەكە خەرج دەكرێت.

لای خۆشیەوە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو هەنگاوە دەكەنە بنەما بۆ پڕۆژەكانی دیكەی نیشتەجێبون لە هەرێمی كوردستان.