كۆتایی ئەمساڵدا نرخی نەوت بۆ 75 دۆلار بەرزدەبێتەوە

 
وەزیری نەوتی عیراق پێی وایە، كە لە كۆتایی ئەمساڵدا نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ 75 دۆلار بەرزدەبێتەوە.
عادل عەبدولمەهدی ؛وەزیری نەوتی عیراق؛ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: “پێشبینی دەكەین، لە كۆتایی ئەمساڵدا خواست لە سەر نەوت زیاد بكات و نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ 75 دۆلار بەرزببێتەوە”.
ڕاشیگەیاندووە: “ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی وەزیرانی نەوتی دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك)، كە لە ڤیەننا ئەنجامدرا، سەرجەم بژاردەكانی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت گفتوگۆیان لەبارەوە كرا”.
ئەم وتانەی وەزیری نەوتی عیراق لە كاتێكدایە، بەهۆی ئەوەی ڕێكخراوی ئۆپێك هەناردەی نەوتی لە ڕۆژێكدا بۆ 30 ملیۆن بەرمیل هێشتۆتەوە، ئەمەش وایكردووە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزین بە خۆیەوە ببینێ‌ و نرخی یەك بەرمیل بگاتە 58 دۆلار.