لە ساڵێکدا 10 وڵاتی عەرەبی 173 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکییان کردووە

 
 
پەرلەمانی کوردستان یاسای قەرزی دەرەکی پەسەند کرد، هەرچەندە فراکسیۆنە ئیسلامییەکان بە هۆی ئەوەی، کە دەڵێن “ئەو قەرزە زیادەی دەچێتە سەرە و حەرامدەبێت”، دەنگیان بە یاساکە نەدا،  بەڵام عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان دڵنیایی دەداتە فەرمانبەر و موچەخۆران کە موچەکانیان حەرام نابێت.



قەرزی دەرەکی، جۆرێکە لە مامەڵەیەکی ئابووری، کە تەنیا لە ساڵی ٢٠١١دا، ١٠ وڵاتی عەرەبی بە بڕی ١٧٣ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکییان کردووە، ئەو رێژەیەش لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرزتر بووەتەوە.



بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی، پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای راکیشانی مایە، بە مەبەستی وەرگرتنی قەرزی دەرەکی پەسەندکرد، بە پێی ئەو پڕۆژەیاسایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێنج ملیار دۆلار لە بانکە جیهانییەکان قەرز دەکات و ئەو بڕە پارەیەش دەبێت تەنیا لە بواری پرۆژەی وەبەرهێنان خەرج بکرێت.

 

قەرزی دەرەکی، جۆرێکە لە مامەڵەیەکی ئابووری و لە زۆر دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی پەیڕەو دەکرێت و بەردەوام لە زیادبووندایە، لە ساڵی ٢٠١١دا 10 دەوڵەتی عەرەبی بڕی قەرزی دەرەکییان بریتی بوو لە 173 ملیار دۆلار، کەچی لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەو بڕە زیادی کرد، بۆ 189 ملیار دۆلار، واتە بە رێژەی ٨.٨ لە سەدا قەرز زیادیکرد، بەتایبەتی بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییەی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە، کە بە بەهاری عەرەبی ناوزەدکرا.



 تەنانەت عێراقیش داوای قەرزی نیودەوڵەتی کردووە و لە ١٠ ی نیسانی ئەمساڵدا، ھۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق لەپەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستە داراییەکانی عەرەب لەکوەیت گوتی “حکومەتی بەغدا و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو سندوقە ھاوکاری داراییە بداتە عێراق”.



بەڵام لە باشووری کوردستان لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان پێیان وایە وەرگرتنی قەرز لە رووی شەرعەوە حەرامە، هەر لەبەر ئەوەش هەر سێ لیستە ئیسلامییەکەی نێو پەرلەمانی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. بەڵام ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان دڵنیایی دەداتە فەرمانبەر و موچەخۆران.



لە شوباتی ساڵی ٢٠١٤ەوە حکومەتی عێراق، بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی. بەمەش هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە و جگە لە پەیداکردنی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خەرجی دامودەزگا فەرمییەکانی کوردستان، هاوکات خەرجی شەڕێکی گەورەی کەوتە سەر و بە درێژایی زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر رووبەڕووی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بووەوە.



 بە پێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی قەرزی دەرەکی بۆ ئەوەیە کاریگەری ئەو قەیرانە داراییە لەسەر هەرێمی کوردستان کەمبکەنەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هێشتا پرسی بڕینی بودجە بە تەواوی چارەسەر نەکراوە، سەرەڕای بوونی رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام بەغدا هێشتا ١٧%ی بودجەی رەوانەی هەولێر نەکردووە. 
 
رووداو