بانكی ڕەشید بڕیاریدا بە پێدانی بڕی 3 ملیۆن دینار وەك پێشینە بە خانەنشینان و 5 ملیۆن دینار بۆ ئەو فەرمانبەرانی هاوسەرگیری دەكەن لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق.
محەمەد عەبدولوەهاب ؛بەڕێوەبەری گشتی بانكی ڕەشید؛ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە: “نووسراومان ئاڕاستەی سەرجەم لقەكانی بانكی ڕەشید لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق كردووە، كە مامەڵە لەو خانەنشینانە وەربگرن، كە دەیانەوێت پێشینەیان پێبدرێت”.
ڕاشیگەیاندووە: “هەر خانەنشینێك كارتی (كی كارت)ی بانكی ڕەشیدی هەبێت دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات بە لقەكانی بانكی ڕەشید بۆ وەرگرتنی بڕی 3 ملیۆن دینار وەك پێشینە”.
ئاشكراشی كردووە: “ئەم پێشینەیە تەنها خانەنشینان دەگرێتەوە و لە سەر بنەمای مووچەی خانەنشینەكە دەبێت و تەنها بۆ یەكجارە و دەبێت فەرمانبەرێك كەفالەتی بكات”.
بەڕێوەبەری گشتی بانكی ڕەشید جەختیشی كردۆتەوە: “بڕیاریش دراوە بە پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار وەك پێشنەی هاوسەرگیری بۆ ئەو فەرمانبەرانی هاوسەرگیری دەكەن و پێشینەكەش تەنها بۆ یەكجار دەبێت”.