پیشه‌وه‌رانی‌ سلێمانی‌ زه‌وی‌ وه‌رده‌گرن

به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی پیشه‌وه‌ران له‌ناو شاری سلێمانی بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازیی دوو له‌سه‌ر ڕێگه‌ی (سلێمانی- عه‌ربه‌ت)، زیاتر له‌ (1000) پارچه‌ زه‌وی بۆ پیشه‌وه‌ران ته‌رخانكراوه‌‌و له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئیفرازكردنیان ده‌ستپێده‌كات.
(عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌حمه‌د) جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌وه‌رانی كوردستان به‌NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌لایه‌ن شاره‌وانی سلێمانییه‌وه‌ زیاتر له‌ (1000) پارچه‌ زه‌وی له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی دوو له‌باشوری خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی، بۆ پیشه‌وه‌رانی بواری چاكسازیی ئۆتۆمبێل دابینكراوه‌.
وتیشی:”ئه‌و زه‌وییانه‌ به‌سه‌ر پیشه‌وه‌رانی ناوچه‌كانی سه‌ركارێز‌و فولكه‌ی نالی‌و كارێزه‌وشكدا دابه‌شده‌كرێت‌و ڕێژه‌كه‌ش زیاتره‌ له‌ژماره‌ی پیشه‌وه‌ران، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌و ڕێژه‌یه‌ زه‌وی به‌سه‌ر پیشه‌وه‌رانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی شاری سلێمانیشدا دابه‌شبكرێت”.
جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌وه‌رانی كوردستان ئاشكراشیكرد، دیزاینی زه‌وییه‌كان ته‌واوكراوه‌‌و له‌دووشه‌ممه‌ی داهاتوودا ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌وا باران نه‌بێت، ده‌ست به‌ئیفرازكردنی ده‌كرێت‌و پێده‌چێت له‌ماوه‌ی مانگێكدا ته‌واو بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی تا كۆتایی ئه‌مساڵ به‌سه‌ر پیشه‌وه‌ره‌كاندا دابه‌شبكرێن.