باشماخ و حاجی ئۆمه‌ران رێوشوێنه‌كان توندتر ده‌كه‌نه‌وه‌

 
به‌مه‌به‌ستی‌ ئاگاداربوون له‌شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كان ‌و بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی كه‌لوپه‌لی جیاوازی هاورده‌‌و هه‌نارده‌كردن ‌و پشكنینی خۆراك ‌و دروستكردنی‌ هه‌ماهه‌نگی‌، وه‌فدێكی باڵای خاڵی سنوری نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران سه‌ردانی خاڵی سنوری نێوده‌وڵه‌تی باشماخیان كرد.‌
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نوه‌ر مه‌حمود سه‌رپه‌رشتیاری خاڵی سنوری نێوده‌وڵه‌تی باشماخ راگه‌یاند، وه‌فدێكی خاڵی سنوری نێوده‌وڵه‌تی حاجی‌ ئۆمه‌ران كه‌ پێكهاتبوون له‌ لێپرسراوی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری‌ و لێپرسراوی یه‌كه‌ی پشكنین، سه‌ردانی‌ باشماخیان كردو هه‌ردوولاش تاووتوێی چه‌ند پرس ‌و بابه‌تێكی جیاوازمان كرد.
وتیشی: مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئاگاداربون بوو له‌شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانی هه‌ردوولا‌و چۆنێتی كۆنترۆڵكردنی كه‌لوپه‌لی جیاوازی هاورده‌‌و هه‌نارده‌كردن‌ و پشكنینی خۆراك له‌هه‌ردوو خاڵی سنوری نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران ‌و باشماخ ‌و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌چۆنێتی پشكنینی ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ ره‌وانه‌ی‌ هه‌ردوولا ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ دروستكردنی په‌یوه‌ندی ‌و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان یه‌كه‌كانی پشكنینی خۆراك ‌و بنكه‌ی كۆنترۆڵی جۆری له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كاندا.
روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ردوولا جه‌ختمان له‌ هاوكاری ‌و هه‌ماهه‌نگی زیاتری‌ نێوانمان‌ كرده‌وه‌و بڕیاریشدرا له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا وه‌فدێكی باڵامان سه‌ردانی هه‌موو خاڵه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات.
 
 
س:  PUKmedia