عیراق نرخی فرشتنی دۆلاری دابەزاند

 
ڕابیتەی بانكەكانی عیراق دەستپێشخەرییەكی بۆ دابەزینی فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان و كۆمپانیاكانی دراو ڕاگەیاند و بە پێی دەستپێشخەرییەكە لە سبەینێوە یەك دۆلار بە 1193 دینار و بۆ حەواڵە بە 1192 دینار دەفرۆشرێت.



ڕابیتەی بانكەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە: “وەك پاڵپشتییەك بۆ سیاسەتی نەختینەیی بانكی ناوەندی عیراق و پاراستنی سەقامگیری دینار، بانكە تایبەتەكانی (ئاشور، شەرقولئەوسەت، عبر العراق، نیشتمانی ئیسلامی، ئیتحاد، خلیج، دار ئەلسەلام، بلاد ئیسلامی، عیراقی ئیسلامی، موتەحد، هەولێر، هەرێمی بازرگانی و ئیتمانی عیراقی) دەستپێشخەرییان كردووە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان و كۆمپانیاكانی دراو”.



ڕاشیگەیاندووە: “ئەو بانكانە دۆلار بە هاوڵاتیان و كۆمپانیاكانی دراو بە نرخی 1193 بۆ یەك دۆلار دەفرۆشتن و بۆ حەواڵەش یەك دۆلار بە 1192 دینار دەفرۆشن”.



جەختیشی كردۆتەوە: “لە سبەینێ‌ یەك شەممەوە، كە دەكاتە 24ی ئایار، بەو نرخانە دۆلار دەفرۆشرێت”.



ئاماژەی بەوەش كردووە: “بانكەكان بەدواداچون بۆ پابەندبوونی كۆمپانیاكانی دراو دەكەن بەو نرخانەوە تا لەو ڕێگەیەوە بەو نرخانە دۆلار بە هاوڵاتیان بفرۆشرێت”.



هاوكات مەسعود حەیدەر ؛ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق؛ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە: “لەگەڵ ئەحمەدی حاجی ڕەشید ؛ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران؛ سەردانی پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراقمان كردبۆ چارەسەركردنی بەرزی نرخی دراوە بیانیەكان و بەهیزكردنی بەهای دیناری عیراقی، بە پئی ئەو زانیاریانەی پاریزگاری بانكی ناوەندی پئی داین، بەهای دولار دادەبەزیت و چەندین ئیجرائاتیان داناوە جیبەجێی بكەن بۆ ئەو مەبەستە”.



ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆی ڕابردوودا، بانكی ناوەندی عیراق بڕیاریدا، كە ڕێژەی فرۆشتنی دۆلار زیاد بكات تا بەوهۆیەوە پارێزگاری لە بەهای دیناری عیراقی بكات، چونكە لە یاسای بودجەی 2015ی عیراق دەسەڵاتی بانكی ناوەندی بۆ فرۆشتنی دۆلار ڕۆژانە بە 75 ملیۆن دۆلار دیاری كرابوو.