ده‌ستبه‌سه‌ر جه‌ند تانکه‌رێک به‌نزینی خراپدا گیرا

مه‌فره‌زه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گومرگی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر نۆ تانكه‌ری گه‌وره‌ی به‌نزیندا ده‌گرن، كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی نا یاسایی باریانكردبوو ده‌یانویست بیهێننه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گومرگی سلێمانی “دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ نۆ ئۆتۆمبێلی جۆری تانكه‌ر هه‌ڵگری تابلۆی ئێرانی، به‌نزینیان باركردوه‌و ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌ی نا یاسایی بیهێننه‌ ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیسی گومرگی سلێمانی توانیان له‌سه‌ر رێگه‌ی عه‌ربه‌ت سلێمانی ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرن”.
ئه‌وه‌ش هاتووه‌: “دوای ئه‌وه‌ی پشكنینی بۆ كرا، ده‌ركه‌وت به‌نزینه‌كه‌ گونجاو نییه‌و كوالێتی نزمه‌، بۆیه‌ ئێستا سه‌رجه‌م ئۆتۆمبێله‌كان و شۆفێره‌كانیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی سلێمانین بۆ ئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت”.